کاتێک قسە لەسەر پێغەمبەر دەکرێت دیارە قوورساییەکی تایبەت دێتە سەر شانی نووسەر یان بانگخواز؛ چونکە لاپەڕە زێرینەکانی ژیانی پڕ لەسەروەری ئەم نازدارە ئەستەمە وەک خۆی بخرێتە ڕوو کاتێک خوای گەورە خۆی سەناخوانی ئەوە! با ئێمە لەم سەردەمەدا پێغەمبەر وەک خۆی بناسین و وەک خۆی بە کۆمەڵگەی بناسێنینەوە؛ چونکە ئەویش مرۆڤ بوو وەک هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی. بەڵام چۆن مرۆڤێک بووە؟ بێگومان دەبێت مامەڵەیەکی وجوودیانەی لەگەڵ بکرێت. واتە ئەم قۆناخ و ڕێگەیە بێ چوونە ناو ژیانی عاریفان ئەستەمە. کاتێک سەیری تێگەیشتنی قووڵی مامۆستا بێخود ، نالی و مەحوی و ئیقباڵ دەکەین جیاواز لە نووسەرانی ژیانی پێغەمبەران، ناخت ئاوپڕژێن دەبێت، ئەزانن بۆچی؟ چونکە ئەوانە لەگەڵ ئەوەدا کە زۆر وردبوونەتەوە لە سیرە و سەربووردەی پێغەمبەر ئاورێکی قووڵی مانداریان داوتەوە لە دیوی نەبینراوی قوڕئان وەک بۆ چوونی عاریفە کان دەڵێن گشتی باس باسی پێغەمبەرە س . بۆیە هەر بە تەنیا ڕوانین و تێڕامان لە لایەنێکی ژیانی خۆشەویست ئەستەمە ناسینی و ناکرێ ئاوا سەیری بکرێت، دیوی مەعنەوی هەیە کە لایەنی عیرفانییە و دیوێکی بەرچاو و بینراوی کە لایەنی حیکمەت.  بۆ گەیشتن بە ڕێگای یەکەم جگە لە چەشتن و ئەزموونکردنی ڕێگەی ئەم سەروەرە ڕێگای تر نییە. مەولانا دەڵێت واتە دەبێ هاوڕێیەتی بکەی جا دەتوانی بی چێژی...

با خۆماڵی شتێک بیرتان خەمەوە؛ ئێمە بۆ هاوڕێیانی خۆمان زۆر جار دیاریمان بردووە، جا لیباس بێت یان شتی ناو ماڵ، بێگومان ئەم دیارییە کە بردوومانە بۆ ئەوە نییە بخرێتە ناو کومێد یان هەڵی گرن، بەڵکوو بۆ کەڵک‌وەرگرتنە، دەی دیاریی خۆشەویست کە ڕەوشتبەرزی و فەرموودەکان و قوڕئان و... کە بۆمانی هێناوە تاکوو سوودی لێوەرگرین. چەندە جوان ئیمامی غەززالی دەفەرمووێت کەسێ بیهەوێ چێژی ژیان و هاوڕێیەتی پێغەمبەرایەتی تێدابێت دەبێ جۆرێک لەم حاڵەتی تێدا هەبێت ئەوجا دەیناسێت.! لێرە بەم حاڵەتە مامۆستای مەحوی پێی دەڵێت ؛ ئونسی گیان کە بێ چەشتنی ناگەین پێی. ئازیزان پێغەمبەر هات تاکوو پێمان بڵێت ئێوە بەهەڵە دەجووڵێن، هات خودی شێوازی جووڵەی ئێمەی گۆڕی؛ شێخی سەعدی دەڵێت، جاری وایە کەسێک بەدوای ئاڵتوونی ژێر ئەرزدا دەگەڕێت بەڵام پشتی لە گەنجەکەدایە؛ ڕێک ئێوەش لێرە پششتان کردۆتە گەنجەکە وەرەن ڕووگەی دڵتان بگۆڕن ئاخر تاکوو بجووڵێن زیاتر دوور دەکەونەوە بەم شێوەیە. بەگشتی باوەڕداری ئەمڕۆ لێرە بەهەڵە چووە بەختەوەری لە شتێک دەبینێتەوە کە هەر وانییە. لە ڕوانگەی  عاریفانەوە  پێغەمبەری خوا  «مَجمَع البَحرَین»، یانی شوێنی بەیەک گەیشتنی  دەریای شەریعەت و دەریای حەقیقەتە ، شوێنی بەیەک گەیشتنی  عیلمی زاھیر و عیلمی باتینە ، شوێنی بەیەک گەیشتنی عالەمی غەیب و شەھادەیە .
مەولانا ڕێزێکی زۆری  بۆ پێغەمبەران و بەتایبەت تریش ، بۆ پێغەمبەری ئیسلام«د.خ» ھەبووە، لەسەرتاپای دیوانی مەسنەویدا پێغەمبەر «د.خ» بە «سوڵتانی مرۆڤایەتی» ناوبردووە ، ھۆکاری ئەم ڕێزەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی  کە بە بڕوای مەولانا پێغەمبەران  «درودی خوایان لێبێت»خێراکەرەوەی ڕێگای گەیشتنی مرۆڤرکانن بە پەروەردگار ، ئەم خێرای بەخشینەش بایەخێکی  ئێجگار زۆری ھەیە ، ئەگەر پێغەمبەران  نەدەھاتن مرۆڤەکان بۆ خۆیان دەیان توانی بگەن بە پەروەردگار ، بەڵام کەی و بە چ ماوەیەک ؟
ھەربۆیە مەولانا بڕوای وا بووە بۆ ناسینی خودا،ئەبێت پێغەمبەر بناسین چوون 
تەواوترین ناوەندی دەرکەوتن و وەرگرتنی تەجەللیاتی خودایی  لە نێو دروستکراوەکاندا ، لە حەزرەتی پێغەمبەر دا بەرجەستە دەبێت ، کە ھەموو ئەنبیا
و ئەولیاکان عیلمی باتنیان لێ وەرگرتووە. بۆیە ڕوون و ساف ترین ئاوێنەیەک بۆ دەرکەوتنی خوا، ئاوێنەی ڕەسولی ئەکرەمە  ھەربۆیە بەپێی گێڕانەوەکان  ھەرکات ، بانگ بێژ دەگەشتە « ٲشْهدُ أنَّ مُحَمّدآ َرسُولُ اللَّە» مەولانا وەک ڕێزێک ھەڵەساوە سەرپێی و دەیگووت:

نامت بماند تا ابد
ای جان ما روشن ز تو

" ناوت بمێنێت بۆ ھەمیشە، ئەی ئەوەی جیھانی ئێمە بەھۆی تۆوە ڕووناک بووەتەوە"